كوردستان24 زوو فریاكه‌وه...
نووسینی سه‌رزه‌نشتكاری، پڕ له ڕه‌خنه و ته‌نانه‌ت بوغز و بێزاری. ئه‌مه بووه‌ته ئه‌ده‌بیاتی قسه‌كردن و نووسینه‌وه و گفتوگۆ و دیالۆگی ئێمه. هه‌رچیمان نووسی، هه‌ر ده‌بێت له‌سه‌ر شتێك بێت كه شێواوه، هه‌ر ده‌بێت پڕی بكه‌ین له ره‌خنه له شتێك! تووڕه‌یی له كه‌سێك! ناڕه‌زایی له دۆخێك!
ته‌نانه‌ت زه‌نگین و پاره‌داره‌كانیشمان هه‌ر به‌م ئه‌ده‌بیاته قسه ده‌كه‌ن. كامه‌یان له هه‌موویان تێر تره، بڵێ چۆنی؟ یه‌كسه‌ر وه‌ك خراپێك خۆی نیشانت ده‌دات. هه‌میشه تاكی ئێمه كێشه‌یه‌كی بۆ ده‌ستپێكردن و هه‌زاریشی بۆ به‌رده‌وامیدان به گفتوگۆ پێیه. ئه‌م ئه‌ده‌بیات و سایكۆلۆژیایه، كه چه‌پی نازه‌ره‌ر، له كوردستان به‌رهه‌می هێنا، كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر روئیا و ژیانخوازی و شوكرانه‌بژێریی به‌رهه‌مه‌كانی خودای باڵاده‌ستیش دروست كرد. وه‌ك مه‌سعود محه‌مه‌د (كه بیرم نه‌ماوه له كوێ وای وتبوو!) ده‌ڵێت: هه‌موو كوردستانی عێراق سه‌د هه‌زار دیناری تیا نه‌بوو، شوعییه‌كان (چه‌په‌كان) هاتبوون ده‌یان وت: سه‌رمایه‌داری ده‌ڕووخێنین! ده‌ی وڵا‌تی ئێمه كه‌ی سه‌رمایه‌داری بوو؟ كام كارگه و كام پڕۆژه‌ی زه‌به‌لاحی تیا بوو تا فه‌لسه‌فه‌ی چه‌پكاریی بۆ دابڕ‌ێژین؟!
ئێستاش كه هه‌موویان زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان (ناخودئاگا) بوونه‌ته چه‌پ، كێشه‌ی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه فڵان ژیانی وایه و فیسار عه‌یش و مه‌عیشه‌تی فراوانه، خۆی ئه‌مه ئاساییه ئه‌گه‌ر تۆش بته‌وێت وا بژیت، به‌س كاره‌سات ئه‌وه‌یه، كه حه‌ز بكه‌ی یان بته‌وێت ئه‌وه‌ی ژیانی خۆشه وه‌ك تۆی لێ بێت!
ژیان له وڵا‌تی ئێمه، هه‌میشه له دۆخه جۆراوجۆره‌كانیدا، به‌شه خراپه‌كه‌ی بۆ ته‌حلیل و چه‌له‌حانێ و قسه له‌سه‌ركردن به‌كار ده‌هێنرێت. پله‌ی گه‌رمای شارۆچكه‌ی پێنجوێن دابه‌زی بۆ ژێر25 پله، ئه‌مه ده‌گمه‌نترین دۆخ بوو كه نه‌ك هه‌ر به‌سه‌ر كوردستان، به‌ڵكو به سه‌ر هه‌موو خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر هه‌موو زه‌ویشدا هات، ده‌كرا هه‌زاران كه‌سی وه‌ك گه‌شتیار له جیهانه‌وه بۆ رابكێشرایه، كه‌چی ته‌نیا ئه‌و به‌شه‌ی ده‌خرایه روو، كه ژیان وه‌ستاوه و خه‌ڵك سه‌رمایه‌تی. ئێمه هه‌موو شتێك بۆ ئه‌وه ده‌خه‌ینه ژێر میكرۆسكۆب و وردبینی و قسه له‌سه‌ركردن، تا بیسه‌لمێنین حكومه‌ت خراپه. یانی هه‌موو توانا و ئێنێرژیمان له‌وه‌دا به‌كارده‌هێنین كه خراپی و كه‌موكورتییه‌كانی حكومه‌ت بۆیه‌كدی بسه‌لمێنین. من هیوادارم ئه‌م كه‌ناڵه‌ی كه من وتاره‌كه‌مم تیا بڵاوكردووه‌ته‌وه، زۆربه‌ی رۆژنامه‌نووسه‌كانی بنێرێته پێنجوێن و ده‌یان و سه‌دان به‌رنامه‌ی جوان و جۆراوجۆر له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه سروشتی و ده‌گمه‌نه به‌رهه‌م بهێنێت كه ره‌نگه تا 25 ساڵی تریش پێنجوێنێك نه‌بینینه‌وه كه پله‌ی گه‌رمای تا 25ی ژێر سفر دابه‌زی بێت.
پێویست ناكات هه‌موو جارێك به ته‌واوی وجود و تواناوه، هه‌ر سه‌رقاڵ بین به‌وه‌ی له كوێ چی تێكچووه، خه‌ڵكی كه سایكۆلۆژیای شێوێنراوه، جنێویش بدات زۆر ئازاری نییه، ئه‌وان ئێستا باسی سووده‌كانی په‌نیریان بۆ بكه‌یت، یه‌كسه‌ر بۆت دێن و ده‌ڵێن: ئه‌ی بۆ باسی ماست ناكه‌ی؟ باسی زیانه‌كانی گۆشت بكه، ده‌ڵێن: ئه‌ی بۆ باسی نه‌وت ناكه‌ی؟ لێره هه‌رچیت نووسی و هه‌رچیت وت، شتێكی ترت بۆ دێنن كه ده‌بوو به قه‌ولی خۆیان باسی ئه‌وه‌ت كردبایه!
ئیدی به هۆی ئه‌م سایكۆلۆژیا شێواوه‌وه، لۆژیك و ئارگیۆمێنت و گفتوگۆی رشته‌یی و ته‌خه‌سوس نه‌ماوه. تۆ باسی هه‌رچی بكه‌یت هێشتا ته‌واو نییه و ده‌بوو یان ده‌بێت بیر له‌وه‌ش بكه‌یته‌وه كه ئه‌وان پێیان وایه ده‌بوو باسی چی بكه‌یت!