حه‌یده‌ر شه‌شۆ: ده‌یانه‌وێت شنگال وه‌كو سه‌رێ كانی و عه‌فرین لێبكه‌ن
K24- هه‌ولێر:
حه‌یده‌ر شه‌شۆ فه‌رمانده‌ی هێزی ئێزیدخان به كوردستان 24ـی راگه‌یاند، په‌كه‌كه له شنگال ده‌سه‌ڵاتی له پۆلیس و سوپای عێراقی پتره.
فه‌رمانده‌ی هێزی ئێزیدخان راشیگه‌یاند، هه‌روه‌ك ده‌بینین فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت به فه‌رمانی په‌كه‌كه داده‌خرێن، ئه‌مه ئه‌وه ده‌رده‌خات، په‌كه‌كه له شنگال باڵا ده‌ستن.
شه‌شۆ راشیگه‌یاند، ئیداره‌ی پارێزگای موسڵ وای ده‌رده‌خه‌ن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه له شنگال ناكه‌ن، له راستیدا وا نییه، گرووپ و میلیشیاكانی شنگال، پشتگیری له په‌كه‌كه ده‌كه‌ن.
ئه‌و فه‌رمانده سه‌ربازییه ئێزدییه روونیكرده‌وه، په‌كه‌كه ته‌نیا له شنگال نییه، له مه‌خموور و ده‌ورووبه‌ری خانه‌قینیشه، هه‌ر شوێنێك حه‌شدی شه‌عبی تێیدا باڵا ده‌ست بێت، په‌كه‌كه‌ی تێدایه و هه‌ماهه‌نگی له نێوانیاندا هه‌یه.
حه‌یده‌ر شه‌شۆ روونیكرده‌وه، بوونی په‌كه‌كه له شنگال پیلانێكه دژی خه‌ڵكی ئێزدی و شنگالییه‌كان، هه‌موو لایه‌نه‌كان له به‌رامبه‌ر ده‌ركردنی په‌كه‌كه له شنگال جدیی نین، ده‌یانه‌وێت شنگال وه‌ك عه‌فرین و سه‌رێ كانی لێبكه‌ن.