هیچ حكومه‌تێكی عێراق سه‌ركه‌وتوو نابێت ئه‌گه‌ر مافی كورد پێشێل بكات
K24- هه‌ولێر:
حه‌مید كیفائی، تویژه‌ری سیاسی و ئه‌كادیمی عێراقی دووپاتیكرده‌وه، تا ئه‌و كاته‌ی مافی كورد پێشێل ده‌كرێت، هیچ حكومه‌تێكی عێراقی سه‌ركه‌وتوو نابێت. جه‌ختیكرده‌وه، پێویسته كۆتایی به‌و سته‌مكارییه بهێنرێت كه به به‌رده‌وامی ده‌رهه‌ق له گه‌لی كورد كراوه و گوتیشی: ئه‌گه‌ر عێراقییه‌كان بزانن، به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان له‌وه‌دایه، پارێزگاری له مافه‌كانی كورد بكه‌ن و جێبه‌جێ بكه‌ن.
ئه‌و تویژه‌ره سیاسییه له‌باره‌ی پێشنیازه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعی بۆ موقته‌دا سه‌در، كه گوتراوە، یان ده‌بێت حكومه‌تێكی ته‌وافوقی پێكبهێنێت، یانیش ده‌بێت به‌ره‌و ئۆپۆزسیۆنبوون هه‌نگاو بنێت، گوتی: "كێشه‌ی عێراقییه‌كان زۆر قووڵه، من له‌و باوه‌ڕه‌دام عێراقییه‌كان له‌سه‌ر دووربوونیان له ده‌سه‌ڵات و بوونیان به ئۆپۆزسیۆن رانه‌هاتوون، ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌وه راهاتوون، هه‌میشه له حكومه‌تدا به‌شدار بن، چونكه ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت ده‌مێنێته‌وه، هه‌میشه له‌وه ده‌ترسێت، كۆتایی به ژیانی سیاسیی بێت، به‌ڵام ده‌كرێت هه‌ر هێزێكی سیاسی خاوه‌نی پێگه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری فراوان، له ئۆپۆزسیۆن بمێنێته‌وه".
ئه‌م گوتانه‌ی كیفائی له‌كاتی میوانداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24 له له‌نده‌نه‌وه له‌ڕێگه‌ی سكایپه‌وه هاتوون و گوتی: سه‌باره‌ت به ره‌وتی سه‌در، چه‌ندین جار دووپاتیكردووه‌ته‌وه، یان حكومه‌ت له‌گه‌ڵ هێزه كوردی و سوننییه‌كان پێكده‌هێنێت، یانیش ده‌بێته ئۆپۆزسیۆن، له‌ڕاستیدا سه‌در و ره‌وته‌كه‌ی وه‌ك هێزه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له ئۆپۆزسیۆنبوون ناترسێن، چونكه ئه‌وان خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی به‌هێز و فراوانی جه‌ماوه‌رین و ترسی له‌ده‌ستدانی پێگه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی نییه، به‌ڵام هێزه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له ئۆپۆزسیۆنبوون ده‌ترسێن و ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه كۆتایی به هه‌ژموونی سیاسی ئه‌وان بێت، چونكه ئه‌و هه‌ژموونه‌ی به‌ده‌ستیان هێناوه، له‌ڕێگه‌ی هه‌ندێك پاڵپشتی و پشكپشكێنه‌ی پۆسته‌كانه‌وه به‌ده‌ستیان هێناوه، ئه‌م بارودۆخه‌ش كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنیی له‌سه‌ر عێراقییه‌كان دروستكردووه و پێویسته گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا بێت و ناكرێت له‌سه‌ر ئه‌و بارودۆخه به‌رده‌وام بین، پێشتر هه‌بوو و ده‌بێت لایه‌نه‌كانیش خۆیان له‌گه‌ڵ قۆناغی داهاتوو رابهێنن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی ئه‌نجامدرا، سیسته‌مه‌كه‌شی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو جیاواز بوو، سه‌در پێداگیره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌تی داهاتوو حكومه‌تێكی زۆرینه‌ی نیشتمانی بێت و ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دایه، حكومه‌تی ته‌وافوقی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ناكات.
سه‌باره‌ت به كاریگه‌ری و رۆڵی ئه‌مه‌ریكا و ئێرانیش له پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عێراق، كیفائی گوتی: به‌داخه‌وه تا ئێستا به‌شێك له هێزه سیاسییه‌كانی عێراق له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن، بۆیه ده‌كرێت ئێران له رێگه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ی وه‌لائیان بۆ ئه‌وان هه‌یه، بۆچوونی له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق هه‌بێت، گوتیشی: سه‌باره‌ت به ئه‌مه‌ریكا، ئه‌وا ئاشكرایه كه هاوپه‌یمانی عێراقه و له ساڵی 2003 هاوكاریی عێراقییه‌كانی كرد له رووخاندنی رژێمی پێشوو، به‌ڵام ئێران جگه له زیانگه‌یاندن هیچی دیكه‌ی بۆ عێراق نه‌كردووه و هه‌میشه سه‌رچاوه‌ی ئازار بووه بۆ عێراقییه‌كان، بۆیه پێویسته ئه‌و هێزانه‌ی په‌یوه‌ندییان به ئێرانه‌وه هه‌یه، ده‌ستبه‌رداری ئه‌و بۆچوونه‌یان ببن، چونكه له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و دیدگایه‌یان به‌رده‌وام بن، ئه‌وا پێگه‌ی خۆیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن.
جه‌ختیشیكرده‌وه، ئێران له عێراق پێشوازی لێكراو نییه، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و مێژووه ده‌ستوه‌ردانه‌ی له كاروباری ناوخۆی عێراقدا هه‌یه‌تی، به‌تایبه‌ت له چه‌ند ساڵی رابردوودا، به‌ته‌واوی بارودۆخی عێراقی تێكداوه، بۆیه ئێران خاوه‌ن هیچ پێگه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری له عێراق نییه و ده‌بێت ئێرانیش ده‌ست له‌و سیاسه‌ته‌ی هه‌ڵگرێت و هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ش كه ئینتیمایان بۆ ئێران هه‌یه، ده‌بێت بۆچوونی خۆیان بگۆڕن و روو له چوارچێوه‌یه‌كی نیشتمانی بكه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندی عێراقییه‌كان بخه‌نه پێشه‌وه‌ی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی دیكه، ناكرێت تۆ له عێراقدا بیت و كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتێكی دیكه بكه‌یت.
له‌باره‌ی لێكه‌وته‌كانی كشانه‌وه‌ی هێزه شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئه‌مه‌ریكاش له عێراق، ئه‌و توێژه‌ره سیاسییه بۆچوونه‌كانی له‌باره‌ی سیناریۆكانی دوای كشانه‌وه‌یان بۆ ئاینده‌ی عێراق خسته‌ڕوو و دووپاتیكرده‌وه، من له‌و باوه‌ڕه‌دام كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌م دۆخه‌دا، هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، چونكه تا ئێستاش پێویستمان به هاوكاری ئه‌مه‌ریكییه‌كان و راویژی بیانی هه‌یه، به تایبه‌ت له شه‌ڕی دژ به تیرۆر، هێشتا ناسه‌قامگیری له عێراق به‌رده‌وامه، به‌ڵام له‌ژێر فشاری هه‌ندێك لایه‌نی چه‌كدار و ئه‌و هێزانه‌ی سه‌ر به ئێرانن، ئه‌مه‌ریكا ئه‌و هه‌نگاوه ده‌نێت.
گوتیشی: هاتنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر داواكاری عێراقییه‌كان بوو و له‌سه‌ر داواكاری عێراقییه‌كانیش ده‌چێته ده‌ره‌وه. ئه‌گه‌ر سوپای عێراق توانای پارێزگاریكردنی له وڵاته‌كه‌ی هه‌بێت، كێشه له كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكادا نابێت، به‌ڵام له‌كاتێكدا كه تیرۆر بوونی هه‌یه و عێراقییه‌كانیش نه‌توانن پارێزگاری له سه‌روه‌رییه‌كانی بكه‌ن، ئه‌وا له‌م دۆخه‌دا كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵه‌یه، چونكه ده‌بێته هۆی ناسه‌قامگیری و شڵه‌ژان له بارودۆخی ئه‌منیی عێراق، له‌كاتێكدا به‌لای عێراقییه‌كانه‌وه مانه‌وه یان چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان گرنگ نییه، ئه‌وه‌ی به‌لایانه‌وه گرنگه، بوونی سه‌قامگیریی ئه‌منییه له وڵاته‌كه‌یان، چونكه له رابردووش‌دا بوونی ئه‌مه‌ریكییه‌كان بووه‌ته هۆی دروستكردنی دۆخێك، تا راده‌یه‌ك سه‌قامگیری به‌رقه‌رار بووه و پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و سوپای عێراقیش توانیویانی به هاوكاری و پاڵپشتی ئه‌وان شه‌ڕی تیرۆر بكه‌ن.
سه‌باره‌ت به چه‌وساندنه‌وه‌ی گه‌لی كورد و پێشێلكردنی مافه‌كانی له‌لایه‌ن حكومه‌ته یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانی عێراق و گریمانه‌كان بۆ حكومه‌تی داهاتووی ئه‌و وڵاته بۆ جێبه‌جێكردنی مافه‌كانی كورد به‌گوێره‌ی ده‌ستوور، كیفائی جه‌ختیكرده‌وه، من له‌و باوه‌ڕدام ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كوردستان و گه‌لی كورد نه‌كرێت، كێشه‌كانی عێراق به‌و شێوه‌یه به‌رده‌وام ده‌بن و به‌بێ چاره‌سه‌ركردن وه‌ك خۆیان ده‌مێننه‌وه. له‌ڕاستیدا پێشێلكردنی مافی كورد هه‌ڵه‌یه، چه‌ندین جاریش ئه‌وه‌م گوتووه، كه ده‌وڵه‌تی عێراق له كورد و عه‌ره‌ب پێكهاتووه و پێكهاته‌كانی دیكه‌ش هه‌ن.
هه‌وره‌ها گوتی: پێویسته رێز له هه‌موو پێكهاته و نه‌ته‌وه‌كان بگیرێت و هه‌ر كه‌سه و به مافی سیاسی خۆی بگات، بۆیه عێراق به‌بێ پارێزگاریكردن له مافه‌كانی كورد و دابینكردنیان سه‌قامگیر نابێت، تا ئه‌وكاته‌ی كورد به‌شێكن له عێراق، كه‌واته مافیان هه‌یه و له رابردووش‌دا تووشی زوڵم و سته‌مكاری بوونه‌ته‌وه، پێویسته كۆتایی به‌م سته‌مكارییه بهێنرێت و هه‌موو مافێكی سیاسی خۆیان له‌ناو عێراقدا هه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه جێبه‌جێ بكرێت، له به‌رژه‌وه‌ندی عێراقدایه، ئه‌مه له فه‌رهه‌نگی هیچ وڵاتێكدا نییه، كه سه‌قامگیر بێت، ئه‌گه‌ر پێكهاته‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بێت و مافه‌كانی جێبه‌جێ نه‌كرێن، بۆیه پێویسته كورد به مافه‌كانی بگات. هه‌ر حكومه‌تێكیش له داهاتوودا دێته ده‌سه‌ڵات سه‌ركه‌وتوو نابێت ئه‌گه‌ر پارێزگاری له مافه‌كانی گه‌لی كورد نه‌كات و مافه‌كانیان پێ نه‌دات.