کۆڕبەندی "کشتوکاڵ داهاتوومانە" لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

کوردستان24 سپۆنسەری میدیایی کۆڕبەندەکە دەکات
کۆڕبەندی "کشتوکاڵ داهاتوومانە" لە هەولێر - 17/1/2022
کۆڕبەندی "کشتوکاڵ داهاتوومانە" لە هەولێر - 17/1/2022

K24 – هەولێر

بە سپۆنسەر میدیایی کوردستان24 کۆڕبەندێکی گەورەی ئابووری لەژێر ناوی "کشتوکاڵ داهاتوومانە" لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، تێدا گفتوگۆ لەبارەی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ دەکرێت و لە چەند پانێلێکیشدا لە چوارچێوەی کۆڕبەندەکە تاوتوێی پێشڤەچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی کشتوکاڵ دەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 17/1/2022، کۆڕبەندی " کشتوکاڵ داهاتوومانە" لە هەولێر دەستیپێکرد، کە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستەی وەبەرهێنان رێکخراوە.

لە دەستپێکی کۆڕبەندەکە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا تیشکی خستەسەر ئامانجی کۆڕبەندەکە و رایگەیاند: "ئومێد دەکەم پێکەوە پەنجە بخەینە سەر کەموکوتییەکان و سیاسەتی ئایندەمان دابڕێژین، ئەو سیاسەتەی دادەڕێژرێت وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستەی وەبەرهێنان هەوڵدەدەین بە هاوکاری وەزارەتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان  بیخەینە بواری پڕاکتیکییەوە".

گوتیشی: "سوپاسی کوردستان24 دەکەم کە ئەمڕۆ لە خزمەت ئەم کۆڕبەندە دایە، هیواخوزین ئەوەی لە پلانماندایە پێکەوە بتوانین بیگەیەنین بە خەڵکی کوردستان".

هەر لە کۆڕبەندەکە د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا سوپاسی وەزیری کشتوکاڵت کرد، کە لەماوەی رابردوودا هاوکار بوونە بۆ پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکانی کەرتی کشتوکاڵ و گوتی: "ئەمە سەرەتاییەکی باشە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و روئیای سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بکەینە کار و کردەوە و پڕۆژە بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان سوودی لێوەرگرن".

راشیگەیاند: "سوپاسی کوردستان24 دەکەین، کە وەک هەمیشە پشتگیرمان بووە لە هەموو ئەو چالاکیانەی دەستەی وەبەرهێنان کردویەتی، ئەمڕۆش کوردستان24 سپۆنسەری میدیایی کۆڕبەندەکەیە".

د. محەمەد شوکری، گوتی: "وەک دەستەی وەبەرهێنان لە سەرەتای دەستبەکاربوونمان، شەونخونیمان کردووە، بۆ ئەوەی ئەو کاروبارانەی پێویستن لە هەرێمی کوردستان ئەنجامیان بدەین، هەر بۆیە لە ساڵی 2020 دەستمان بە راگەیاندنی پلانی وەبەرهێنان کرد، هەروەها رێبەری وبەرهێنانی هەرێمی کوردستانمان راگەیاند، کە بەشێکی یەکجار زۆری بۆ کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک دانرابوو، ئومێد دەکەین لەمساڵدا نەخشەی وەبەر‌هێنان بۆ هەرموو کەرتەکان بەتایبەتی کەرتی کشتوکاڵ ئامادە  بکرێت، کە لە دیدی ئێمە نەخشەی وەبەرهێنان لە سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار رۆڵی گرنگی دەبێت".