"چیتر پێویست ناكات كورد بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران سه‌ردانی به‌غدا بكات"
K24- هه‌ولێر:
په‌رله‌مانتارێكی عێراقی جه‌خت ده‌كاته‌وه، ئه‌وانه‌ی هێرشی سه‌ر باره‌گاكان ده‌كه‌ن، هه‌مان ئه‌و میلیشیایانه‌ن، كه له ڕێگه‌ی مووشه‌ك و درۆنه‌كانه‌وه هێرشی سه‌ر هه‌ولێر ده‌كه‌ن و هه‌ر ئه‌وانه‌شن له ناوچه‌كانی رۆژئاوای عێراق ده‌ستیان داوه‌ته هه‌ڕه‌شه‌كردن، ته‌قینه‌وه، رفاندن و كۆنترۆڵكردنی جووڵه‌ی بازرگانی. مه‌به‌ستی چوونیشمان بۆ ناو ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه نوێیه‌ی بۆ ئه‌وه‌یه هاوكار بین و كۆتایی به‌و هه‌ژموونه بهێندرێت.
بڕیاری دادگای فیدراڵ:
مه‌شعان جبووری، په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی عه‌زم، له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كه له‌لایه‌ن خه‌میس خه‌نجه‌ره‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت، له‌كاتی میوانداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24 له‌باره‌ی بڕیاری دادگای فیدراڵ بۆ هه‌ڵپه‌ساردنی كاری ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان گوتی: ئه‌و بڕیاره هیچ واتایه‌ك ناگه‌یه‌نێت، ته‌نها بۆ گرتنه‌به‌ری رێكاره‌كانه تا ئه‌و كاته‌ی تانه و ناكۆكییه‌كان یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه، به‌ڕای من ئه‌مه هه‌وڵێكه بۆ هێوركردنه‌وه‌ی لایه‌نی تووڕه و نیگه‌ران و ئه‌وانه‌ی له هاوپه‌یمانێتییه نوێیه‌كه‌ی نێوان سێ گه‌وره لایه‌نه‌كانی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ترسێن، كه زۆرترین ژماره‌ی كورسییان به‌ده‌ستهێناوه.
یه‌كه‌م دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی:
هه‌وره‌ها گوتی: من له‌و باوه‌ڕه‌دام، رێكاره‌كان ده‌ستووری بوون، دادگای فیدراڵیش بڕیاری ئه‌وه ده‌دات، كه ئه‌و رێكارانه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی له رێگه‌یه‌وه هه‌ڵبژێردرا، رێكاری ده‌ستووری بوون.. ئێمه له‌و هاوپه‌یمانێتییه‌دا خاوه‌نی 252 په‌رله‌مانتارین، بابڵێین 200، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بۆ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان دووباره بكرێته‌وه چی ده‌گۆڕێت؟! هه‌رچی بكه‌ن، هۆشیار زێباری وه‌ك سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵده‌بژێردرێت، هه‌روه‌ها هه‌رچی بكه‌ن، ده‌نگ بۆ حكومه‌تی داهاتوو ده‌درێت، كه سه‌رۆكه‌كه‌ی له‌لایه‌ن موقته‌دا سه‌دره‌وه ده‌ستنیشان ده‌كرێت. بۆیه ئه‌مه ته‌نها بۆ دروستكردنی فشاره له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی هه‌ندێك ده‌ستكه‌وت، یانیش به‌رگه‌گرتنی ئه‌و شۆكه گه‌وره‌یه‌ی تووشی بوونه، به‌وه‌ی كه له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌مێننه‌وه.
سه‌رده‌می میلیشیاكان به‌سه‌رچوو:
مه‌شعان جبووری دووپاتیكرده‌وه، سه‌رده‌می میلیشیاكان به‌سه‌رچوو و سه‌رده‌می داهاتوو قۆناغی سه‌پاندنی شكۆی ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ری یاسا و كۆنترۆڵكردنی چه‌كی بێ مۆڵه‌ته.
له وه‌ڵامی پرسیارێكیش له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئاخۆ پارتی، سوننه و كوتله‌ی سه‌در ده‌توانن به‌بێ ئیتاری ته‌نسیقی ده‌نگ به سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عێراق بده‌ن، مه‌شعان جبووری جه‌ختی كرده‌وه، به‌دڵنیاییه‌وه ئێمه ئه‌و سێ لایه‌نانه بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار ده‌نگ به‌و كه‌سه ده‌ده‌ین كه له‌لایه‌ن سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه كاندید ده‌كرێت و ده‌بینه گه‌وره‌ترین ئه‌و كوتله‌یه‌ی كه بتوانین ده‌نگ به حكومه‌تیش بدین و له‌سه‌ر كارنامه‌كه‌ی رێكده‌كه‌وین و ده‌نگ به سه‌رۆك وه‌زیران و كابینه‌كه‌ی ده‌ده‌ین.
له داهاتوودا كورد جیاوازی حكومه‌تی داهاتوو ده‌بینێت.. چیتر پێویست ناكات بۆ مووچه بچێته به‌غدا:
گوتیشی: وه‌ك پێشتر باسمكرد، ژماره‌ی په‌رله‌مانتارانی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌مان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌و سنووره‌ی تێپه‌ڕاندووه، كه بۆ تێپه‌ڕاندنی سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆك كۆمار پێویستن و هه‌موو شتێك به رێچكه‌ی خۆیدا تێده‌په‌ڕێت و من له‌و باوه‌ڕه‌شدام، كه دواتر گه‌لی كورد ئه‌و جیاوازییه ده‌بینێت، كه له‌نێوان حكومه‌تی داهاتوو و حكومه‌ته‌كانی پیشوودا ده‌بێت و هه‌میشه ناچار نابێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌پێناو مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بچێته به‌غدا. هه‌موو شتێك روون و ئاشكرا ده‌بێت و له كارنامه‌ی حكومه‌تدا ره‌نگده‌داته‌وه و هه‌موو لایه‌نه‌كان به مافه‌كانیان ده‌گه‌ن.
ته‌واوی قسه‌كانی مه‌شعان جبووری له‌م ڤیدیۆیه‌دا ببینه: