مه‌سرور بارزانی بۆ وه‌زیرانی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌: رێکارەکانی پاراستنی هەرێمی کوردستان لە هەڕەشەی تیرۆریستان توندتربكه‌ن

سه‌رۆكی حكومه‌ت: پێویستە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی و هێزەکانی هاوپەیمانی لە پەیوەندی بەهێز و بەردەوامدابن بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە (23 ی کانوونی دووەم/ یه‌نایه‌ری 2022) لەگەڵ وەزیرانی پێشمەرگە "شۆڕش ئیسماعیل" و وه‌زیری ناوخۆ "رێبەر ئەحمەد"، دوايين گۆڕانکارییەکانی عێراق و سووریا تایبەت بە پەرەسەندنی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعشی تاووتوێ کرد.

سەرۆکی حکومەت نیگەرانیی خۆی لە زیاتربوونی هێرش و پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا دەربڕی و جەختی لە گرنگیی بەهێزترکردنی هێڵەکانی بەرگری و توندترکردنی رێکارەکانی پاراستنی هەرێمی کوردستان لە هەڕەشەی تیرۆریستان کردەوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە پەیوەندی بەهێز و بەردەوامدابن لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش.