کازمی گەیشتە بنکەی سەربازی گەیارە

بڕیارە سەردانی شنگال بکات
ساتی گەیشتنی مستەفا کازمی
ساتی گەیشتنی مستەفا کازمی

K24 – هەولێر

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە بنکەی سەربازی گەیارە و بڕیارە سەردانی شنگال بکات.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە نووسینگەی پارێزگاری نەینەوا بە کوردستان24 دراون: "مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کەمێک پێش ئێستا سەردانی بنکەی سەربازی گەیارەی کردووە و لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان کۆبووەتەوە".

کوردستان24 لە رێگەی نووسینگەی پارێزگاری نەینەوا ئەوەشی زانیوە: "بڕیارە هەر ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی قەزای شنگال بکات".

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، کازمی لە شنگال لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان کۆدەبێتەوە و باس لەو رێکارانە دەکەن کە بۆ توندوتۆڵکردنی سنوورەکان لەگەڵ سووریا گیراونەتە بەر.

ئەمە لەکاتێکدایە چەند رۆژێک لەمەوبەر گرژی و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی عێراق و چەکدارانی (یەپەشە)ی سەر بە پەکەکە لە سنووری شنگال روویدا.

فەرماندە سەربازییەکانیش رایگەیاندووە، چەکدارانی سەر بە پەکەکە بوونەتە رێگر لەبەردەم ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و سەقامگیری ناوچەکە. لەو بارەوە حه‌یده‌ر شه‌شۆ، فه‌رمانده‌ی هێزی ئێزیدخان به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال ده‌سه‌ڵاتی له‌ پۆلیس و سوپای عێراقی زیاترە.