هاوپه‌یمانییه‌كی دیكه‌ی نوێنه‌ران بایكۆتی دانیشتنی سبه‌ی كرد

مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی بایكۆته‌كه‌یان ئاشكرا ده‌كه‌ن
ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

K24 – هه‌ولێر:

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی هاوپه‌یمانی سیاده‌، رایگه‌یاند، هاوپه‌یمانییه‌كه‌یان سبه‌ی به‌شداری له‌ دانیشتنی نوێنه‌ران ناكات.

هاوپه‌یمانییه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌، بۆ پشتیوانی هه‌وڵه‌كانی گفتوگۆی سیاسی، كه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێكی هاوبه‌ش هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن، به‌ ته‌وافق له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان له‌ زۆرینه‌ی نیشتمانی، بڕیارمان دا سبه‌ی له‌ دانیشتنی نوێنه‌ران به‌شداری نه‌كه‌ین.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌
ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌

هاوپه‌یمانی سیاده‌، به‌شێكه‌ له‌ هاوپه‌یمانی "تقدم" و 37 نوێنه‌ری له‌ كۆی 329 ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران هه‌یه‌، كه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و هاوكات هاوپه‌یمانی كوتله‌ی "عه‌زم"یشه‌، كه‌ 34 نوێنه‌ری هه‌یه‌ و خه‌میس خه‌نجه‌ر سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات.

بڕیاره‌ سبه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، دانیشتنی دووه‌می تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بكات.

به‌ گوێره‌ی خشته‌ی دانیشتنی سبه‌ی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌، دوای خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند ئایه‌تێكی قورئانی پیرۆز، ژماره‌یه‌ك له‌ نوێنه‌ران سوێندی ده‌ستووری ده‌خۆن.

له‌ بڕگه‌ی دووه‌می دانیشتنه‌كه‌دا، هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆكی كۆماری به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

بڕیاره‌ دانیشتنه‌كه‌ كاتژمێر (12:00)ی نیوه‌ڕۆ به‌ كاتی به‌غدا ده‌ستپێبكات.

ئه‌م دانیشتنه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، دوای ئه‌وه‌ دێت، رۆژی (9ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2022) دانیشتنی یه‌كه‌می نوێنه‌ران به‌ڕێوه‌چوو، له‌ دانیشتنه‌كه‌دا ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ڵبژێردران.

به‌ گوێره‌ی واده‌ی ده‌ستووریی، له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگدا، كاندیدانی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار تۆمار ده‌كرێن و بڕیاره‌ سبه‌ی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌راندا ده‌نگ به‌ كاندیده‌كان بدرێت.

خشته‌ی دانیشتنی سبه‌ی نوێنه‌ران
خشته‌ی دانیشتنی سبه‌ی نوێنه‌ران

ئه‌م خشته‌یه‌، له‌ كاتێكدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مڕۆ دادگای باڵای ئیتیحادی، رێكاره‌كانی كاندیدبوونی هۆشیار زێباری، كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری راگرت، تا یه‌كلابوونه‌وه‌ی ئه‌و سكاڵایه‌ی ژماره‌یه‌ك نوێنه‌ر له‌ دژی جووڵاندوویانه‌.

هاوكات دوێنێ، موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، بڕیاری دا، ئه‌ندامانی كوتله‌كه‌ی به‌شداری له‌ دانیشتنی سبه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران نه‌كه‌ن، تا كاتێكی نادیار.

به‌ گوێره‌ی رای چاودێرانی ره‌وشی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، ئه‌گه‌ری به‌هێز ئه‌وه‌یه‌، به‌ هۆی بایكۆتی كوتله‌ی سه‌درییه‌وه‌، دانیشتنی نوێنه‌ران نیسابی یاسایی ته‌واو ناكات و ئه‌گه‌ر زۆره‌ دانیشتنه‌كه‌ دوابخرێت. به‌و پێیه‌ی به‌ گوێره‌ی بڕیارێكی دادگای ئیتیحادی، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار پێویستی به‌ دوو له‌سه‌ر سێی ده‌نگی نوێنه‌ران هه‌یه‌.