مەسرور بارزانی گەیشتە قەتەر

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ميری قەتەر و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە
ساتی گەیشتنی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان - فڕۆکەخانەی دەوحە
ساتی گەیشتنی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان - فڕۆکەخانەی دەوحە

K24 – هەولێر

کەمێک پێش ئێستا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر بانگهێشتی فەرمی ميری قەتەر شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی، بە یاوەری شاندێکی حکومی گەیشتە قەتەر و لەلایەن سوڵتان بن سەعد، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی قەتەر و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی وڵاتەکە پێشوازی لێکرا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ میری قەتەر، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە، ئامانج لەم سەردانە، گفتوگۆکردنە دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە بەتایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنان و وزە و کشتوکاڵ.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وێستگەی یەکەمی سەردانەکەیدا لە دەوحە دامەزراوەی قەتەری بۆ زانست و پێشکەوتن بەسەر کردەوە.

هەر یەک لە دارا رەشید وەزیری پلاندانان، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، لەم سەردانە یاوەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانن.

ئەم سەردانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ قەتەر دوای سەردانەکانی دێت بۆ بەحرەین و ئیمارات. له‌ کۆتاییەکانی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، مەسرور بارزانی، بۆ بەشداری لە دیالۆگی مەنامە سەردانی بەحرەینی کرد. لە پەراوێزی دیالۆگی مەنامە، چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەحرەین و وڵاتانی دیکەی بەشداری دیالۆگەکە هەبوو. دواتر لە 25ی مانگی رابردووش سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیماراتی کرد، لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئالنهیان جێنشینی ئیمارات و جێگری فەرماندەی گشتی هێزە سەربازییەکانی ئیمارات و حاکمی ئەبوزەبی و بەرپرسانی باڵای ئیمارات کۆبوویەوە.